Kaifi Chomani > Kaifi's Quotes

Showing 1-14 of 14
sort by

  • #1
    “کە یەکێک گوتی باوەڕم بە ئەشق نەماوە، باوەڕم بە هاوڕێیەتی، سۆز، مەحەببەت، هیوا، ئومێد، وەفا، خۆشەویستی نەماوە، ئەمە لەبەر ئەوە واناڵێن کە هەر لە بنەڕەتدا باوەڕیان بەمانە نەماوە، بەڵکو، بەمە دەیانەوێت پێت بڵێن، کە ئەوان ئیتر ماندووبوون، دەیانەوێت پێت بڵێن ئەوان چەندین جار دڵی خۆیان کردۆتەوە بۆ خەڵک، متمانەیان بە خەڵک کردۆتەوە، دووبارە ئومێدیان لەسەر ئەوانی تر هەڵچنیوە، بەڵام هەموو جار، وەک هەمیشە لەم ڕێیەدا بە دڵشکاوی لێی هاتوونەتە دەرەوە.

    ئەوان کە دەڵێن مرۆڤی وا بوونی نییە، مەبەستیان ئەوە نییە کە بڵێن مرۆڤی وا باش بوونی نییە، بەڵکو مەبەستیان ئەوەیە کە بڵێن، ئێمە ئیتر ماندووبووین لەمە، دڵمان هێند بریندارە، هێند ورد بووە، کە تاقەتی ئەوەی نییە جارێکی تر سەر بخاتەوە ئەم ڕێیە.”
    کەیفی چۆمانی, ڤین

  • #2
    “جوانی تۆ ئەزانی لە چیدایە؟
    لەوەدایە کە تۆ جیاوازیت لەوان، لەوەدایە کە تۆ وەکو ئەوان نیت، لەوەدایە کە تۆ کۆپی خەڵکی تر نیت .. لەوەدایە کە تۆ ئەم جیاوازیانەی هەتە لە خەڵکی تر نایانشاریتەوە و بە بۆیەی تر ڕەنگیان ناکەیت .. جوانی تۆ لەوە دایە کە خۆتیت، کە چۆنیت ئاوایت و بە شێوەیەکی تر خۆت دەرناخەیت .. جوانی تۆ ڕێک لەو جیاوازییەی تۆدایە .. لەوەدایە کە جیاوازی لەوانی تر و تایبەتمەندی خۆتت هەیە ... بۆیە هەر لەبەر ئەمەیە کە تۆ کاتێک یەکێک یان چەند کەسێک پێت دەڵێن کە تۆیان بەدڵ نیە لەبەر ئەوەی کە تۆ جیاوازیت و وەکو ئەوان نیت، لەبەر ئەمە نابێ خۆت بە کەم سەیر بکەیت و نەفرەت لەخۆت بکەیت کە جیاوازیت .. بەڵکو دەبێ شانازی بەخۆتەوە بکەیت کە جیاوازیت و تایبەتمەندی خۆتت هەیە، چونکە هەر ئەم جیاوازییەیە کە تۆی جوان کردووە... ئەم جیاوازییەیە کە تۆ جوانتر دەکات..”
    کەیفی چۆمانی, تۆ زۆر ناوازەیت

  • #3
    “شانازی بە تۆوە دەکەم، کە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایت بەرەوپێشەوە بچیت، لەوەی کە کەسێکی میهرەبان بیت، سەرەڕای ئەوەی کە کەس ئەمە نابینێت.

    شانازیت پێوەدەکەم کە بە بێ دەنگی و بێ ئەوەی کەس پێی بزانێ، برینەکانت دەشاریتەوە و چارەیان دەکەیت...

    شانازیت پێوەدەکەم کە لە گەشەدان و فێرکردنی خۆتدا بەردەوامیت گەرچی خەڵکی ئەم گەشەکردنەی تۆ نابینن و هیچ بەلایانەوە گرنگ نیە..

    شانازیت پێوە دەکەم کە نەوەستاویت سەرەڕای ئەوەی کە خەڵکی رێگریت لێ دەکەن، سەرەڕای ئەوەی کە کەس خۆشەویستی و ڕێزی نیشان نەداوی، سەرەڕای ئەوەی کە بریندارت دەکەن..

    شانازیت پێوەدەکەم کە سەرەڕای ئەوەی لەم رێگەیەدا تەنهایت، بە تەنها دەجەنگیت و کەست لەلا نیە، کە کەس لە تەنیشتەوە ئەم بارە قورسەت لەگەڵ هەڵناگرێ، بەڵام هەر بەردەوامیت لە جەنگان ...

    شانازیت پێوە دەکەم، هەر من نا، بەڵکو پێویستە خۆشت شانازی بە خۆتەوە بکەیت...”
    کەیفی چۆمانی, تۆ زۆر ناوازەیت

  • #4
    “شــتێکى ئاســاییە کــە عاتیفــى بیــت، شــتێکى زۆر ئاســاییە کــە دڵ ناســک بیــت.

    زۆر ئاســاییە کــە وەکــو ئــەم خەڵکــە نەتوانیــت لــە زۆر شــوێن جێگــەى خــۆت بکەیتــەوە.

    زۆر ئاســاییە کــە زۆر شــتت پــێ نەکرێــت کــە خەڵکــى تــر بــە ئاســانى دەیکــەن.

    زۆر ئاسـاییە کـە شـتانێک دەبینیـت کـە خەڵکـى تـر نایبینـن و گرینگـى پێنـادەن.
    زۆر ئاســاییە کــە زوو زوو دڵــت تەنــگ بێــت بــە دەوروبــەر و ئــەو خەڵکانــەى کــە هــەر ڕۆژە و بــە ماســکێک ڕووى خۆیــان نیشــاندەدەن.

    زۆر ئاساییە کە پشویەک بە دڵت بدەیت و بحەسێیتەوە.

    زۆر ئاسـاییە کـە پارێـزگارى لـە دڵـت بکەیـت و چیتـر نەهێڵیـت خەڵـک دووبـارە و دووبـارە بیشـکێنن.”
    کەیفی چۆمانی, بەبەر بارانەوە

  • #5
    “ڕێگەی ژیان پڕە لە تاریکی. بەڵام بیرت بێت، ڕووناکی کەسێکی تر، هیچ سوودی نییە بۆ تاریکییەکەی تۆ.
    تاکە هاوڕێگەی تۆ، تەنها ڕووناکییەکەی خۆتە.
    ئەو کەسانەی باوەڕی خۆیان دەخەنە سەر ڕووناکی ئەوانی تر، خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن.”
    کەیفی چۆمانی, بێسنوور

  • #6
    “تۆ دەکرا کە زۆر سارد گەورەبیت و پێبگەیت، بەڵام لەجیاتی ئەمە بە جورئەتەوە گەورەبوویت.
    تۆ دەکرا کۆڵتبدایە و وازتهێنابا، بەڵام وازت نەهێنا و بەردەوام بوویت.
    تۆ دەکرا بەربەستت بێنە پێش، بەڵام تۆ بەم بەربەستانەت گوت سەرکەشی و ئەزموونی نوێ.
    تۆ دەکرا بە کرمۆکەیی بمریت، بەڵام تۆ جەنگایت بۆ ئەوەی ببیت بە پەروانە.
    تۆ دەکرا بوونی باشە ڕەتبکەیتەوە لە خۆتدا، بەڵام تۆ ئەوەت هەڵبژارد کە خۆشەویستی نیشانی خۆت بدەیت.
    تۆ دەکرا بە ڕۆژە تاریکەکان پێناسەی خۆت بکەیت، بەڵام لەجیاتی ئەمە بەناویاندا تێپەڕیت تاکو گەیشتیت بە ڕووناکی ...”
    کەیفی چۆمانی, ئەستێرە مەستوورن

  • #7
    “شتێکی زۆر ترسێنەرە کە هیچ دەنگێک نایەت لە کاتی شکانی دڵی مرۆڤدا.
    کە پێکدادانی سەیارە ڕوودەدات بە دەنگێکی گەورە کۆتایی دێت، کە بەردەبیتەوە دەنگی کەوتنت گوێ لێدەبێ، تەنانەت لە کاتی شکانی نووکی قەڵەم بەسەر کاغەزەکەدا تۆ گوێت لە دەنگێکە.
    بەڵام شکانی دڵی مرۆڤ هیچ دەنگی نییە. وەک ئەوەی هیچ کەسێک، تەنانەت گەردونیش ناتوانێت
    دەنگێک بۆ ئەم وێرانبوونە درووست بکات.
    وەک ئەوەی کە سکووت تاکە شت بێت بۆ شکۆدان بە دەنگی شکانی دڵی مرۆڤ.”
    کەیفی چۆمانی, بەکەم مەڕوانە شەو

  • #8
    “بیرت بێ،
    تۆ هونەرمەندی ژیانی خۆتیت،
    فڵچەی ژیانت مەدە دەستی خەڵکی تر،
    بەڵکوو خۆت ژیانی خۆت ڕەنگ بکە.

    گەر خۆت ژیانی خۆت ڕەنگ نەکەیت، یەکێکی تر بە ویستی خۆی ڕەنگی دەکات.”
    کەیفی چۆمانی, پلانەری تۆ ناوازەیت زستان

  • #9
    “هەموو شتە گرنگ و بەنرخەکان کە لە ژیاندا بوونیان هەیە، وەک ــ ژیان، ئەشق و جوانی ــ دەبێ خودی خۆت ئەم شتانە بدۆزیتەوە و کەشفیان بکەیت.
    هیچ ڕێگەیەک نییە کە تۆ ئەم شتانە، لە خەڵکی ترەوە بەدەست بهێنیت.
    .
    بۆیە تۆ ناتوانیت ژیانی خۆت بە دیاری ببەخشیت بە یەکێکی تر، وە ناشتوانی هی یەکێکی تر وەربگریت. ژیان شتێکی ئاڵوگۆڕنەکراوە.
    .
    ژیان وەک کێشانی وێنە و درووستکردنی پەیکەر نییە، کە خەڵکی تریش بتوانن بۆتی درووست بکەن.
    هەموو کەسێک، دەبێ ژیانی خۆی بە خۆی درووست بکات، ڕێک وەک چۆن ئەو کەسەی دەبێت بەخۆی خۆى فێری سەما بکات.”
    کەیفی چۆمانی, بێسنوور

  • #10
    “تۆ بەرپرس نیت لەو ئازارانەی کە توشت بوون.
    بەرپرس نیت لەو کەسانەی تۆیان شکاندووە.
    بەرپرس نیت لەو برینانەی کە هەتن.

    بەڵام هەرچەندە ڕەنگە بیستنی ئەم ڕاستییە دڵت بشکێنێ،
    تەنها خۆت بەرپرسیت
    لە تیمارکردنی خۆت، لە پێکەوەنانەوەی پارچە شکاوەکانت.”
    کەیفی چۆمانی, تۆ زۆر ناوازەیت

  • #11
    “گوڵەکان دێن و دەڕۆن. دڕکەکان دێن و دەڕۆن. شادى دێت و دەڕوات. دڵتەنگى دێت و دەڕوات.
    ئەو کەسەى ئەم یاسایە نەگۆڕە "گۆڕان لە گەردووندا" درک دەکات، ژیانی لە هەموو یاسا و سنوورێک ڕەها دەبێت.
    ئەو کەسەى، دڵخۆشی و دڵتەنگى، هەردووکى، بە هێمنى قەبوڵ دەکات، بە دڵنیاییەوە ڕۆحى خۆى دۆزیوەتەوە – چونکە ئەمە بوونی ئاگایی پەیوەستنەبوون بە هەردوو دڵخۆشی و دڵتەنگییە، کە هێمنى و ئاشتى هزر بەرهەم دەهێنێت.”
    کەیفی چۆمانی, بێسنوور

  • #12
    “مرۆڤ گەر پەڵەی لەسەر چاو هەبێت، لەکە لەسەر شتەکانی دەرەوەشدا دەبینێ.
    ئاوێنە کە پیسی پێوە بێت، شتەکانیش بە پیسی دەردەخات.

    کێشەکە لە شتەکان نییە، بەڵکوو کێشەکە لە خودی ئاوێنەکەیە. سەرەتدا دەبێ مرۆڤ ئاوێنەی دڵی پاکبکاتەوە. دەبێ گومان لە بوونی گەردی لەکە بکات لە دڵیدا کە شتەکانی گەردوون بە خواری دەبینێ، نەک ڕەخنەی ناشیرینی خۆی بخاتە سەر گەردنی ئەو ئاوێنەیەی لەبەردەمییەتی.

    مرۆڤی لاربین، ناتوانێ فەرقی نێوان باش و خراپ بکات، ناتوانێ جیاوازی بکات لە نێوان ڕەش و سپیدا، جوان و ناشیریندا، چونکوو لە بنەڕەتدا کێشەکە لە لاربینی خۆیەتی.”
    کەیفی چۆمانی, پێناسەکان

  • #13
    “مرۆڤ کە ئاگایی بەدەست هێنا، ناتوانێت بێدەنگ بێت، بەڵکوو بەگژ ئەو سنوورانەدا دەچێتەوە کە بەها و کەڕامەتی مرۆڤ ئەتک دەکەن.

    مرۆڤی ئاگامەند بە جەوهەر کەسێکی یاخییە، کەسێکە بەرپرسیارییەتی دەکەوێتە سەر شان کە دەنگ هەڵبڕێ بەرانبەر ناشیرینییەکان.

    تەنها بینینی ناشیرینی پێی ناگوترێت ئاگایی. بەڵکوو ئاگایی واتە دەنگهەڵبڕین و بێدەنگ نەبوون بەرانبەر ئەم ناشیرینییەی بوونی هەیە.

    جیاوازی نێوان سوقڕات، سەردەشت، نیچە، حەللاج، ماندێللا، غاندی، نیوتن، کۆپەرنیکۆس و گالێلێیۆ لەگەڵ خەڵکی تر ئەوە نەبوو کە ئەو کەسانە هەقیقەتی شتەکانیان دەبینی و خەڵکی تر نەیاندەبینی، زۆربەی خەڵکی سەردەمی خۆشیان ئەم ناشیرینییەیان دەبینی کە هەیە، بەڵکوو جیاوازی ئەوانە ئەوە بوو کە ئەمان بێدەنگ نەبوون بەرانبەر ئەم چەپەڵی و نادادی و نەریت و بت و سیستەمەی بوونی هەیە.

    ئاگایی و بەرپرسیارییەتی دوو چەمکی گرێدراوی یەکترن. مرۆڤ ناتوانێ بڵێت ئاگامەندم، بەڵام بێدەنگ بێت بەرانبەر بەو ناشیرینی و سیستەم و بتانەی بوونیان هەیە.”
    کەیفی چۆمانی, پێناسەکان

  • #14
    “پێویستمان بە زانست و دکتۆر و مامۆستای زیاتر نییە، هیچ یەکێک لە ئەمانەمان کەم نین. ڕۆژئاوا بەهۆی زانابوون و حەکیمبوونی گالێلێیۆ و نیوتن و سوقڕات نەبوو کە ئاوا گەیشتوونە لوتکە، بەڵکوو بەهۆی ئەوەبوو کە گالێلێیۆ و نیوتن و سوقڕات کەسانێکی بە جورئەت بوون و بێدەنگبوونیان هەڵنەبژارد لەبەرانبەر ئەو شتەی کە دەیانزانی و باوەڕیان پێ بوو. تەنانەت گیان و ژیانی خۆشیان لەسەر ئەوە دانا و ڕووبەڕووی هەموو دونیا و ئایدۆلۆژیای سەردەمی خۆیان و دەسەڵات وەستانەوە و پێیان گوتن کە ئێوە هەڵەن.
    .
    ئێمە پێویستمان بە زانستی تر نییە، پێویستمان بە ئەندازیار و دکتۆری تر نییە، پێویستمان بە مامۆستا و زانای تر نییە، بەڵکوو لە ئێستادا پێویستمان بە مرۆڤی بە جورئەتە، بە مرۆڤێکە کە هەستی بەرپرسیارییەتی تێدا بێت، کە جورئەتی دەربڕینی هەقیقەتی هەبێت و ترسنۆک نەبێت، کەسێک کە بێدەنگ نەبێت و دەنگ هەڵبڕێت. بە کەسێکە کە بجەنگێ لەسەر ئەو شتەی باوەڕی پێیەتی. چونکە دکتۆر و ئەندازیار و مامۆستایەکی ترسنۆک و بێ جورئەت، نەک هەر نابنە هۆی پێشکەوتن، بەڵکوو دەبن بە هۆی درووستبوونی کۆمەڵگایەکی داتەپیو و داڕوخاو و مەکینەی بەردەوامیدان بەم داڕوخانە.
    .”
    کەیفی چۆمانی, پێناسەکان



Rss