تا ماتەمی گوڵ...تا خوێنی فریشتە Quotes

Rate this book
Clear rating
تا ماتەمی گوڵ...تا خوێنی فریشتە تا ماتەمی گوڵ...تا خوێنی فریشتە by Bachtyar Ali
15 ratings, 4.40 average rating, 2 reviews
تا ماتەمی گوڵ...تا خوێنی فریشتە Quotes Showing 1-1 of 1
“بە سینەی بازەوە، من و تۆ دوو دەستین لە ئاگر
ئەهریمەنزادە و پەریزادەی ئاوێنەکانی مەرگین
من سەرابیترین پیاوی دونیا
منداڵێک لە جنسی "با" و "دوکەڵ" و "تۆز"
بەیازی دڕندەترین حەرف و کراسی خوێناویترین جەستە
بەرپرسیارم لە ئافاتەکانی ڕۆح بەرپرسیارم لە فیتنەکانی عەقڵ
لە کودێتاکانی لەزەت و لە یاخیبوونەکانی جەستە
بۆنی ئەو باڵدارانە لە هەناسەم دێت، لەم جەهەنەمی گومانەدا
یەقین بەسەر دارستانە ترساوەکانی ئێوارەدا دەبەشنەوە
وەکو پیرترین ئەسپ، پیرترین مەیتەرەوان...پیرترین... زێڕینترین...
خەمگینترین بازی خراپکار
شەهێنێک کە ئاسۆکانی پیربوونی خۆی بە فڕینێک لە ئاگر
بە مەرگێکی وەک ئاسن سارد... بەکێلوونێک لە ڕۆشنایی و قفڵێک لە برووسکەکان دابخات
لە کوچەی ئەم تووتییە بێوەفایانە دەچمەدەرێ
بۆ مردن لە چاوەڕوانی سووتاندا لەسەر پشکۆی ئەم دیانەتە دێرینانە دەڵێم: "ئەمە نهێنی نییە و هەرگیز نهێنیش نەبووە"

تۆش لە ڕۆژگارە بەهەشتییەکانی خۆت چنگێک خۆشەویستیم بدەرێ
ئەگەر حەکیمی ئەم باخچە گۆشەگیرەیت، ئاشوفتەترین دەروێشی ئەم جەنگەڵەم
ئەگەر شازادەترین ئادەمکوژی، شەڕانگێزترین ڕۆحی ناو ئەم بایەم.
سەیرکە، پاش عەشق چەن تەماحەکانم گەورەبوون
سەیرکە، بووم بە چ کیمیاگەرێک و خەون بە چ لابورێکەوە دەبینم
سەیرکە... سەیرکە، چ کافرێکم لێدەرچوو

بێهودە ئەنجن ئەنجن بوونی خۆم لە وانەی ئەم دەروێشانەدا دەڵێمەوە
مردنی من... دۆزەخی من، ڕۆژی زیندووبوونەوەمە
لە نێوان میللـەتە سەرخۆشەکان و فەلەکە مەستەکاندا
من لە جنسی دوکەڵ و گومانی ئەهریمەنانەم
تۆ لە جنسی فریشتە دڵتەنگەکانی دەریایت
ئەو فریشتانەی بەڕۆژوون لە سەیری ئەستێرە و گیا و ئاو و جەنگەڵەکان

ئەی یار... ئەی شەونمی نێوان کتێبە دۆزەخییەکانی من
ئەگەر تـۆ لە تەڵا زیاتر نەدرەوشێیتەوە من شەڕم لەگەڵ ئەم دوژمنە کانزایانەدا بۆناکرێت
ئەگەر پرشنگی تــۆ لە پرشنگەکانی زیو ڕۆشنتر نەبێت
دەنگی من لە دەنگی بەیانییە ناسازەکانی مردن گەورەتر نابێت
ئەگەر تــۆ ئاوازی جەنگ نەخوێنیت شمشێرەکانی من لاسکی گوڵەکانی ئەم جەهەنەمەیان بۆ نابڕێت
ئەی یار من چیتر بام خۆشناوێت، ئەو بایەی بەڵگەنامەی خوێنینی منی لەگەڵ تەنهاییدا دڕی
سوێندی منی لەگەڵ خاکە بەیارەکاندا شکاند
ڕۆحی منی لە جەنگەڵ و گیاکان ترساند
سەیرکە پاش عەشق چەن توڕەترم لە گەردەلوول و دەریا و تۆفانەکان
ئەوەی لە من بەجێما، ئایندەم بوو
ئەوەی لە مندا با دەیبات، ئەو ڕۆژانەیە کە بۆ خۆمم هەڵگرتووە
ئەوەی لە مندا دەکوژرێت
ئەو دەقیقانەیە کە باوکان و وەچەکانم لێی بێبەرین
ئەوەی لە مندا دەکوژرێت، منم نەک تۆ منم، نەوەک زەمەن و بەیانی و ئایندەکان منم، نەوەک کەناری و ئاو و چەمەنزارەکان
سەیرکە دوای مردنم عەشق چ یارییەکدەکات.”
Bachtyar Ali, تا ماتەمی گوڵ...تا خوێنی فریشتە