پاڵەوانەکە توشی بێهواییەکی زۆر ئەبێت و ئەڵێت باشە لێرە چی ئەگوزەرێت؟ ئایا هەروا بە ئاسانی و لە ماوەی چەند کاتژمێرێک بڕیار لەسەر چارەنووس و خوێن و ژیانی ئەو هەموو خەڵکە ئەدرێت؟ ئایا ئەمە دادپەروەری و ڕەوای حەقە؟ ئایا من بۆ ئەوە نەهاتووبم ژیانێکی باشتر بۆ خۆم فەراهەم بکەم؟ ئەی ئێرە بۆچی وایە؟
لەو لاوە گوێی لە دەنگە دەنگێکی تر بوو کە لە ژوورەکەی ئەو لا ترەوە ئەهات، دوای ئەوەی بە هەستێکی زانینویستیەوە گوێی خۆی هەڵئەخات بۆ ئەوەی بزانێت چی باسە لەو ژوورەش، سەیر ئەکات جەنابی گەورە لەسەروی ژوورەکە دانیشتووە و نێرگەلەیەکی بە دەستە و دوو سێ لە پیاوان و خزمەتکارەکانی بە دانیشتن و بە پێوە لە خزمەتیدان.
دەستەیەک لە پیاوانی ئاینی و مەلا خۆیان کرد بە ژووردا و دانیشتن و کەوتنە مشتومڕ و گفتوگۆ و فەتوا دان لەسەر بە تاڵانبردن و حەڵاڵکردنی سەروەت و ماڵ و ژن و منداڵی ئەو کەسانەی کە گوایە ڕایانکردۆتە بەر ڕەحمەتی دەوڵەتانی تر لە کاتێکدا لە بنەڕەتدا لە دەست زوڵمی خاوەندەسەڵات ڕایان کردووە، بەهانەکانیشیان تەنها پاراستن و سەرخستنی دینی ئیسلام بوو، هەروەها کوشتنی کەسانی ناوخۆ کە گوایە دژایەتی جەنابی گەورەی دادوەری نیشتیمان ئەکەن و نایەنە ژێر باری فەرمانەکانی، جەنابی گەورە بەم قسانە زۆر دڵخۆش بوو هەروەها هاوڕایان بوو.
لە دوای ئەوە دەستەیەک پیاوی تر خۆیان کرد بە ژووردا، لە دوایدا کەوتنەگفتووگۆ و بەهانا هێنانەوە بۆ ئەوەی کەگەورەیان ڕازی بکەن و بچێتە ژێر فەرمان و دەسەڵاتی تورکەکان، ئەوان پێیان وابوو کە باب و باپیرانیان چەندین سەدەیە لە خزمەتی ئەوان دان و ئەوان هاو دیننی ئەوانن، گوایە ئەوان هەم ئاینەکەیان ئەپارێزێن و هەم ڕێگەشیان پێ ئەدەن کە ببنە خاوەن دەسەڵاتی خۆیان، وە گەورەکەش زۆر دڵی بەم قسانە کرایەوە و هاوڕا بوو لە گەڵیان بۆیە چەند کەسێکی ڕاسپارد کە خێرا دەستنووسێک بنووسن و ئەم واژۆی بکات و بە زوترین کات نوێنەری خۆی بنێرێتە خزمەت سەرانی ئیمپڕاتۆریەتی تورکی.
پاش ڕۆشتنی ئەم دەستەیە، کۆمەڵە خەڵکێکی تر هاتنە ژوورەوە کە ئەمانیش بە پاساو هێنانەوە و باسکردنی هۆکارگەلێک توانیان دووبارە گەورەیان لە ژێر باری بیروبۆچونی کۆمەڵەکانی تر دەربهێنن و ڕازی بکەن بەوەی کە تاکە ڕێگە بۆ سەربەخۆیی و مانەوەی دەسەڵات و خۆشگوزەرانی خەڵک و میللەت ڕێککەوتنە لەگەڵ ئینگلیز و چوونە ژێر باری ئەوانە، بۆیە گەورەکە دووبارە دڵخۆش بوو بە قسەکانیان و فەرمانی دا کە بەزوترین کات دەستنووسێک بنووسن بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا نوێنەری خۆی بنێرێتە بەغدا بۆ دانووستان.
لە کۆتایدا، دەستەی خێڵ و بەگ و ئاغا و سەرۆک تیرەکان بە خۆیان و مشکی و ڕانک و چۆغە و کڵاو و سەڵتە و فیشەک و خەنجەر لە پشتێنەکانیاندا خۆیان کرد بە ژووردا و هۆسە و گەڕەلاوژێیەکیان نایەوە، هەموویان لە یەک کات و بە دەنگی بەرز دلێرانە ئەیانوت کە نایانەوێت بچنە ژێر ڕەحمەتی هیچ کەسێک چ ئینگلیز چ تورک بەڵکو خۆیان ئەیانەوێت سەربەخۆ بن و پشت بە خۆیان بەستن، ئەمانیش دووبارە هۆکار گەلێکیان خستەڕوو کە گەورەکەیان ڕازی کرد.
دوای ئەوەی دیوەخان چۆڵ بوو میوانی لێ نەما جەنابی گەورە بە یەک دوو لە خزمەتکارەکانی وت کە ئەم قسانە هەموو بەلامەوە پەشمن و گاڵتەم پێیان یەت، من بۆچی بۆ ئەم خەڵکە خۆم توشی ئەزێت و دەردی سەری بکەم؟، ئەوی سود و خێری خۆمی تیا نەبێ نایکەم، من هەتا پارەیەکی زۆر نەخەمە سەر یەک و لە بابەت ئیش و کاری خۆمەوە دڵم ئارام نەبێ، ئەمانە هیچیان ناکەم، هەر کەسێک بێت بە ئارەزووی خۆی بۆ سود و کاروباری خۆی قسەیەک بکات، بۆچی من شێتم؟ مناڵم؟، هەروا شوێنیان بکەوم و بە قسەیان بکەم؟.
پاڵەوانی چیرۆکەکەش بە واق وڕماوەیەوە لەو دیووەوە گوێی هەڵخستووە، زۆر سەرسامە و لەبەرخۆیەوە وتی یاڕەبی ئەمە چیە و ئەم کابرایە چ مرۆڤێکە، کە هەر لە ماوەی سێ کاتژمێردا بە چەند چەشن گۆڕا و بۆچی تۆزێک تێگەیشتن و لێکدانەوەی نیە؟، ئەمانە هەمووی بەلاوە باش بوو لەگەڵ هەموویان بڕیاری داو لە پاش کەمێک لە هەموویان پەشیمان بۆوە.
ئیتر ئەمیش بەبێ خەیاڵی دایە قاقای پێکەنین، بە جۆرێک کە جەنابی گەورە گوێی لێبوو و زانی کە ئەم بە هەموو شتێکی زانیوە و ئاگادارە کەچی ئەگوزەرێ، بۆیە زۆر توڕە ئەبێت و ئەڵێت ئەوە کێیە؟ و چی ئەکات لەوێ؟ یەکێک لە خزمەتکارەکان ئەڵێ قوربان ئەوە سیخوڕەکە بوو کە جەنابت فەرمانت کرد لەوێ زیندانی بکەین، پاشان بە تووڕەیەوە هاوری کرد خێرا بۆم بێنن، خزمتەکارەکان بە ڕاکێشان لەبەردەم جەنابیان فڕێیاندا، دوایی لێی پرسی تۆ سیخوڕی کوێی؟ ئەویش هەرچەندە هەوڵی دا کە بار و گوزەرانی ژیانی خۆی بۆ باسبکات و ئامانجی هاتنی بۆ ئەوێ چیە بەڵام جەنابی گەورە باوەڕی نەئەکرد و بەدار کەوتە گیانی تاوەکو شل و کۆتیان کرد، بەم جۆرە چیرۆکەکە بە تەواو نەکراوی کۆتایی پێ یەت.
وەکو خۆم ڕەخنەی ئەوەم لە نووسەر هەیە کە لەژێر کاریگەری سۆزداری خۆیدا بە شێوازێکی لایەنگیریانە و بە مەبەستانە گیانی کردووە بە بەری ئەم چیرۆکەدا، ڕەنگە سەختی ژیان و برینداربوونی دڵ و دەروونی لە ئەنجامی لە دەستدانی دوو خۆشەویسترین و نزیکترین کەسیوە گەورەترین هۆکار بووبێت بۆ ئەوە، بەڵام دووبارە کەسانی نووسەر ئەبێت پەنا بۆ لۆجیک و ڕاستیەکان و بەڵگەکان ببەن لە جیاتی و هەست و سۆز بەتایبەت لە کاتی نووسین و گێڕانەوەی بابەتێکی مێژووی، ئەگەر وانەکەن ئەوا مێژوو بە ئاڕاستەیەکی مەبەستداردا ئەشوێت، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر نەوەی داهاتوو هەروەها کۆمەڵگەی داهاتوو ئەبێت بە جۆرێک کە با ئاسانی ناتوانرێت هەڵەکان ڕاست بکرێنەوە. نوسینی : Ahmed Kawa
This entire review has been hidden because of spoilers.