سومایە کەسێکی رۆمانسیی بێئومێدبوو، ئەگەر بمانەوێت بە باشی باسی بکەین، پەیڕەوی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ ژیان، شێوازی ژیانکردنی بەریئانەبوو، کە دەستی دەکرد بە قسەکردن ئیتر وەستانی بۆ نەبوو، بەڵام ئەگەر لەگەڵ کەسێکدا بوایە کە لەگەڵیدا نەگونجابا _بە دەربڕینێکی تر ئەو لەگەڵ زۆربەی خەڵکی سەر گۆی زەویدا نەدەگونجا_ ئەوا زۆر بە کەمی دەمی دەکردەوە بۆ قسەکردن. جگەرەی زۆر دەکێشا، دەشتوانیت بە مسۆگەری بڵێیت، کە ئەو هەرجارێک بە شەمەندۆفێر گەشت بکات بە دڵنیایی بلیتەکەی وون دەکات. جاری وا هەیە وا لەناو بیرکردنەوەدا نوقم دەبێت، کە لەیادی دەچێت نانیش بخوات. ئەوەندە لاوازە دەڵێی ئەو مناڵە هەتیوانەی دەستی جەنگە، کە لە فیلمێکی کۆنی ئیتاڵیدا دەردەکەون. هەر دەڵێی داردەستەکێکە و چاوی هەیە.