تاکە بەشی خراپی کتێبەکە بچوکییەکەی بوو، وەک ئەوەی دەمێکی درێژ بیری شتێکت کردبێ و لە چەند چرکەیەکی کەمدا لەدەستت دەربچێت.
دەمێکە گێڕانەوە تووشی ئەو سەرسوڕمانەی نەکردووم، وێنەی ئەوەندە زۆری تێدابوو، ئەرکت بوو ڕابمێنیت و دانە بە دانە خەیاڵی هەموویان بکەیت..
زۆرتر لە کۆمەڵێک دیمەنی سینەمایی دەچوو و وەک ئەوە وابوو سەرەتا فیلم یان شانۆ یان هەرشتێکی وێنەیی بووبێت و دواتر بۆ ئەوەی بیرنەچێتەوە کرابێت بە تێکست و تایبەتتر ناوی لێنرابێت "چیرۆک".
لەگەڵ تێکستەکە دەبوو چا درووست بکەیت، تڵپەکەی فڕێبدەیت، بەدوای شەکردا بگەڕێیت... تا پڕۆسەکە تەواو دەبوو، تۆ لە وێنەکێشاندا بوویت.
پێم وایە تاکە جیاوازی لە نێوان خوێنەرێک بۆ خوێنەرێکی دیکەی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە سەلیقەیەتی لە شێوازی شتەکان و ڕەنگەکانیان، دەنا هەمووان مەحکوومن بە کێشانەوەی وێنە بە وێنەی کتێبەکە.